عوسمان ئەمینی؛ سومەیە کەریمی
پوخته
بەپێی لێکدانەوەکان بەوە دەگەین کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگیان لە کۆمەڵگادا ...
زیاتر بخوێنەوە
بەپێی لێکدانەوەکان بەوە دەگەین کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگیان لە کۆمەڵگادا بووە ومشتومڕێکی زۆر وبەردەوام لە سەر پێگەی کۆمەڵایەتی و کەسایەتیی ژنان کراوە. هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەیکە چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی و شیکاریی لێبێتەوە. لەم وتارەدا دەمانهەوێت شێوازی دەرکەوتن و پێناسەی ژنان لە کتێبی ڕشتەی مرواریی عەلائەدین سەجادیدا بەپێی مێتۆدی شیکاریی گوتار لێکبدەینەوە.
شێوازی لێکۆڵینەوەی ئەم وتارە شیکاریی گوتار یان گوتارشیکاریی نۆرمان فایەرکڵافە، کە وێچووترین شێوازی لێکۆڵینەوەی ئەم شێوە دەقانەیە. فایەرکڵاف سێ ئاستی گوتاریی بۆ شیکاریی دەق دەستنیشان کردووە. کە بریتییە لە: ئاستی وەسفی، ئاستی ڕاڤەیی یا ڕاڤەکارانە و ئاستی تەتەڵە کردن یان تەبیین. ئەم سێ بەشەی ڕشتەی مرواری لە هەر سێ ئاستدا هەڵسەنگێندراوە. کۆی گێڕانەوەکانی کتێبی ڕشتەی مرواری عەلائەدین سەجادی٢٤١٢ گێڕانەوە لەخۆ دەگرێت؛ کە سەردێڕی سێ بەرگیان ناوی ژنانی بەسەرەوەیە و گێڕانەوەکانی تایبەتە بە ژنان. بەرگی یەکەم هەڵگری ٢٠، بەرگی دووهەم هەڵگری ٤ و بەرگی سێهەم هەڵگری ١٦ گێڕانەوەیە. بەمپێیە ٤٠ گێڕانەوە بەشێوەی هەڵبژاردنی کتێبخانەیی تاوتوێ کراوە.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە بەرگی یەکەمدا ژن بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە ١٩ گێڕانەوە ڕۆڵی بەڕێوەبەر و کابانی ماڵ دەگێڕێت و لە یەک دانەیاندا وەک ئاغاژن پێناسە کراوە. لە بەرگی دووهەمدا ژن قارەمانی سەرەکی چوار گێڕانەوەیە و ڕۆڵی خوشک و ژنی زیرەکی ماڵێ دەگێڕێت؛ هەروەها لە بەرگی سێهەمدا لە ١٠گێڕانەوە ناڕاستەوخۆ بەڕێوەبەر و کابانی ماڵێیە و لە ٥ دانەشیان ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەر و ڕۆڵی کابانی ماڵێی پێدەدا و لە یەکێکیشیاندا وەک ئاغاژن ناوبراوە.
بەگشتی ژنان لەم گێڕانەوانەدا وەک مرۆڤێکی زۆرزان، عەیار و بەمەکر دەرکەوتوون کە ئەگەرچی زۆرینەیان ژنانی ئاسایین و پلەوپایەیێکی کۆمەڵایەتیی بەرزیان نییە بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەوڵی سەرخستنی دۆزی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆیان دەدەن. لەزۆربەی گێڕانەوەکاندا ژنان هەبوونی سەربەخۆیان لە ناو دەقەکاندا هەیە و بینەری گوتار و ئاخاوتنی ژنانەیین